Menu

ئیشایا 6

BIB

1 لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. 2 سەرافیمەکان لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. 3 ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە! شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.» 4 چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ. 5 گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا، یەزدانی سوپاسالاریان بینی.» 6 ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و 7 لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.» 8 ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟» منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.» 9 ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ: «“هەمیشە ببیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام هەرگیز نابینن." 10 دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە، گوێی گران بکە و چاوی بنوقێنە، نەوەک بە چاوی ببینێت و بە گوێی ببیستێت، بە دڵی تێبگات و بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.» 11 منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟» ئەویش فەرمووی: «هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی بێ ئاوەدانی و ماڵەکانیش بێ خەڵک و کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی، 12 هەتا یەزدان هەموو خەڵک دووردەخاتەوە و شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت. 13 ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە، جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت. بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو، کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت، پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»

Everything we make is available for free because of a generous community of supporters.

Donate