ئەیوب 26
BIB1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: 2 «چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە! چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد! 3 چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە! چۆن زانینی زۆرت دەرخست! 4 بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟ 5 «تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا لە سامناکی خودا دەلەرزن. 6 جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە، شوێنی لەناوچوون شاردراوە نییە. 7 ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت. 8 ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و هەور لەژێری نادڕێت. 9 ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە، هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە. 10 ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی. 11 کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن. 12 بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ دەوەشێنێت. 13 بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا. 14 بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون. هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان! ئیتر کێ لە هەورەتریشقەی هێزی تێدەگات؟»
