Menu

ئەیوب 28

BIB

1 زیو کانی هەیە و بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی. 2 ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت، مسیش لە توانەوەی بەرد. 3 مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛ لەناو تاریکی سێبەری مەرگ بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن. 4 کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی، لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛ شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا. 5 زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت، لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛ 6 بەردەکانی یاقووتی شینی تێدایە و لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە. 7 ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و چاوی هەڵۆ نایبینێت. 8 ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون، شێر پێیدا تێنەپەڕیوە. 9 مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد، بنکەی چیاکان دەردەخات. 10 لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛ چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت. 11 ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی. 12 بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟ 13 مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە. 14 قووڵایی ژێر زەوی دەڵێت: «لەناو مندا نییە،» دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.» 15 دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت. 16 نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت. 17 نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی، نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە. 18 لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە. 19 یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت. 20 ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟ 21 لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە. 22 لەناوچوون و مردن دەڵێن: «بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.» 23 خودا ڕێگاکەی تێدەگات و ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت. 24 لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت. 25 کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و ئاوەکانی بە پێوانە پێوا، 26 کاتێک بۆ باران یاسای دانا و بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا، 27 ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد، ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە. 28 بە مرۆڤی فەرموو: «بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»

Everything we make is available for free because of a generous community of supporters.

Donate