ناحوم 2
BIB1 ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات. قەڵاکە بپارێزە، چاودێری ڕێگاکە بکە، بازووی لێ هەڵبکە، توانای زۆر بخەرە گەڕ! 2 یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە وەک سەروەری ئیسرائیل، هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و ڕەزەمێوەکانیان تێکدان. 3 قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون، قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان، لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە، ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە. 4 گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون، لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن. دیمەنیان وەک مەشخەڵە، وەک بروسک غار دەدەن. 5 نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات، بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون. پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و قەڵغانەکان ئامادە کراون. 6 دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و کۆشکەکە دەڕمێت. 7 بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و ڕاپێچ دەکرێت. کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن، سنگیان دەکوتن. 8 نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە. هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!» بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە. 9 «زیو تاڵان بکەن! زێڕ تاڵان بکەن! گەنجینەکانی لەبن نایەن، پڕە لە گەوهەری بەهادار.» 10 چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە، دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن، هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت. 11 کوا لانەی شێرەکان، لەوەڕگای بەچکە شێران؟ لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن. 12 شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند، ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر، لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون. 13 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم. گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ، بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم. ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»
