زەبوورەکان 111
BIB1 هەلیلویا! بە هەموو دڵەوە ستایشی یەزدان دەکەم، لە ئەنجومەنی سەرڕاستان و لە کۆبوونەوەکان. 2 کردارەکانی یەزدان مەزنن، هەموو ئەوانەی لێی ورد دەبنەوە خۆشی لێ دەبینن. 3 بەرز و شکۆمەندە کردارەکانی، ڕاستودروستییەکەشی هەتاهەتایە چەسپاوە. 4 وای کردووە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی یاد بکرێنەوە، یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە. 5 خواردن دەداتە ئەوانەی لێی دەترسن، هەمیشە پەیمانی خۆی لەبیرە. 6 هێزی کردارەکانی خۆی نیشانی گەلەکەی داوە، بەوەی کە میراتی نەتەوەکانی پێداون. 7 کردارەکانی دەستی دڵسۆزی و دادپەروەرییە، ڕێنماییەکانی جێی متمانەن، 8 هەتاهەتایە چەسپاون، بە دڵسۆزی و سەرڕاستی دروستکراون. 9 کڕینەوەی بۆ گەلی خۆی نارد، فەرمانی هەتاهەتایی بۆ پەیمانەکەی داوە، پیرۆز و سامناکە ناوی. 10 لەخواترسی سەرەتای داناییە، تێگەیشتنێکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کار بە ڕێنماییەکانی دەکەن. ستایشکردن بۆ ئەوە هەتاهەتایە چەسپاوە.
