زەبوورەکان 137
BIB1 لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین، هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە. 2 بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی، 3 چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین، چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین: «گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.» 4 چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین لە خاکێکی بێگانە؟ 5 ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم، با دەستی ڕاستم بەهرەکەی لەبیر بکات. 6 با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم، ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم. 7 ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت، کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!» 8 ئەی دانیشتووانی بابل کە چارەنووستان لەناوچوونە، دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە، وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە! 9 دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و بە تاشەبەردیاندا دەدات!
