زەبوورەکان 141
BIB1 ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام! گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم. 2 با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت پەسەند بێت، دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت. 3 ئەی یەزدان، پاسەوانێک دابنێ بۆ دەمم، دەرگای لێوەکانم بپارێزە. 4 وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت، نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم، لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن؛ با لە شتە خۆشەکانی ئەوان نەخۆم. 5 با پیاوچاک لێم بدات، ئەمە خۆشەویستییە، با سەرزەنشتم بکات، ئەمە وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە، سەرم لاری نییە، چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە. 6 ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ، ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە. 7 وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی، ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن. 8 بەڵام چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار، پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت. 9 بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە، لە تەڵەی بەدکاران. 10 با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە، لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.
