Menu

زەبوورەکان 85

BIB

1 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت، دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە. 2 لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت، هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە. 3 هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە، لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە. 4 ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە، تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە. 5 ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟ نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟ 6 ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە، بۆ ئەوەی گەلەکەت پێت شاد بێت؟ 7 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە، ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە. 8 ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم، چونکە بەڵێنی ئاشتی دەدات بە گەلەکەی و بە خۆشەویستانی، بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی. 9 بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن، بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت. 10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون، ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن . 11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت. 12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات. 13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات، ڕێگای بۆ خۆش دەکات.

Everything we make is available for free because of a generous community of supporters.

Donate