زەبوورەکان 99
BIB1 یەزدان پاشایەتی دەکات، با گەلان بلەرزن، لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە، با زەوی بهەژێت. 2 یەزدان مەزنە لە سییۆن، بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە. 3 با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن، ئەو پیرۆزە. 4 پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات. تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند، تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە. 5 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە، لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن، ئەو پیرۆزە. 6 موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون، ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە. لە یەزدان پاڕانەوە، ئەویش وەڵامی دانەوە، 7 بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن، یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان. 8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە، خودایەکی لێبوردە بوویت، هەرچەندە تۆ لەسەر کردەوەکانیان تۆڵەت لێ سەندنەوە. 9 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە، لە چیای پیرۆزی ئەو کڕنۆش ببەن، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.
