Menu

زەبوورەکان 28

BIB

1 ئەی یەزدان، من بۆ تۆ هاوار دەکەم. ئەی تاشەبەردەکەم، گوێی خۆتم لێ کەڕ مەکە، چونکە ئەگەر تۆ خۆتم لێ بێدەنگ بکەیت، وەک ئەوانەم لێدێت کە شۆڕ دەبنەوە ناو گۆڕ. 2 گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە، کاتێک کە هاوارت بۆ دەهێنم، دەستەکانم بەرز دەکەمەوە بەرەو شوێنی هەرەپیرۆزی تۆ. 3 لەگەڵ بەدکارەکان ڕاممەکێشە، ئەوانەی ئیشی خراپە دەکەن، بە ئاشتی قسە لەگەڵ دراوسێکانیان دەکەن، بەڵام دڵیان پڕ لە کینەیە. 4 بەگوێرەی کردەوە و خراپەکارییەکانیان سزایان بدە، بەگوێرەی کردەوەکانی دەستیان سزایان بدە و ڕەفتارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە سەر خۆیان. 5 لەبەر ئەوەی گوێ نادەن بە کردارەکانی یەزدان و بە کارەکانی دەستی، تێکیان دەشکێنێت و جارێکی دیکە بنیادیان نانێتەوە. 6 ستایش بۆ یەزدان، چونکە گوێی لە دەنگی پاڕانەوەم بوو. 7 یەزدان هێز و قەڵغانی منە، دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت، دڵم شاد دەبێت و بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم. 8 یەزدان هێزی گەلەکەیەتی، قەڵای ڕزگاریی دەستنیشانکراوەکەی . 9 گەلەکەت ڕزگار بکە و میراتەکەت بەرەکەتدار بکە، ببە بە شوانیان و هەتاهەتایە هەڵیانبگرە.

Everything we make is available for free because of a generous community of supporters.

Donate