زەبوورەکان 29
BIB1 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان. 2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە. 3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە، خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات، یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات. 4 دەنگی یەزدان بە هێزە، دەنگی یەزدان بە شکۆیە. 5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت، یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت، 6 وا دەکات لوبنان وەک گوێرەکە ڕابکات و حەرمۆنیش وەک جوانەگای کێوی. 7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات بە بروسکە و تریسکەوە. 8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت یەزدان بیابانی قادێش دەلەرزێنێت. 9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە. لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!» 10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت، یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت. 11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت، یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
